چیرۆكی سەركەوتنی سەرمایەدارێك

فاروقی مەلا مستەفا باسی كاری بازرگانیی خۆی دەكات.

سەرۆكی ئەنجومەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق، فاروقی مەلا مستەفا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە سەرەتای دەستپێكردنی كاری بازرگانی خۆی و پرۆژەكانی ئێستاو داهاتوو، لەگەڵ قەیرانی دارایی هەرێم دەكا.

فاروقی مەلا مستەفا سەرمایەدارێكی دیاری هەرێمی كوردستان و عێراقە. ئەو بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1999 مۆبایلی هێنایە عێراقەوە و خەونەكەی بووە ڕاستی كە لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا و لەكاتی نەخۆشكەوتنیدا خەونی پێوە دەبینی كە بتوانێ‌ مۆبایل بهێنێتە هەرێمەوە. فاروق دەرچوی كۆلێژی بازرگانی بەغدایەو ساڵی شەستەكان پەیوەندی بە حزبی شیوعی عێراقەوە كردووە، دواتر چووە ناو كاری بازرگانی و لە بارەی سەرەتای كاری بازرگانی خۆیەوە گوتی: "دوای شكستی شۆڕشی ساڵی 1975 گەڕامەوە ناو شارو لە كارێكی بچوكەوە دەستم پێكرد، ئەو كات بە پارەی خەڵك و بەنیوەیی كارم دەكرد و پیشەو جۆری ئیشەكانم بەردەوام دەگۆڕی تا گەیشتینە ئەو پڕۆژانەی ئێستا هەیە."

ئەو بە ئومێدەوە بۆ داهاتو دەڕوانێ‌ و لە كاتی دەستبردن بۆ كار و پڕۆژەیەك بیر لە ترس و شكست ناكاتەوە "لە جانتایەكی دەستی پەیوەندییەوە كە بە 15 هەزار دۆلار كڕیم دەستم پێكرد تا گەیشتە كۆمپانیای ئاسیاسێل كە ژمارەی بەشداربووانی لەسەرتاسەری عێراقدا گەیشتۆتە زیاتر لە 12 ملیۆن كەس،"

زیاتر لە 40 هەزار كەس لە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقدا كار دەكەن. فاروقی مەلا مستەفا كە سەرمایەكەی دوو ملیارو 700 ملیۆن دۆلارەو وەك خۆی دەڵێ‌ زۆربەی سەرمایەكەی لە كاردایە، بەو پڕۆژە گەورانەوە ناوەستێ‌ و سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەكی گەورەترە كە بەمزوانە دەستپێدەكات. "گەورەترین كارگەی دروستكردنی ئاسن لە عێراق، كارگەی دروستكردنی ئەلەمنیۆم، كارگەی دروستكردنی دەرمان، پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری كە بریتییە لە شاری گەشتوگوزاری دوكان."

بەڕێوەبەری فاروق گرووپ ئەوە رەت دەكاتەوە كە "لایەنێكی سیاسی دیاركراو بە تایبەت یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پشت پڕۆژە و پێكەوەنانی سەرمایەكەیەوە" بێ‌، لەهەمانكاتدا ئەوە ناشارێتەوە كە سكرتێری گشتی یەكێتی جەلال تاڵەبانی كە لە ساڵی 1968ەوە دۆستایەتییان هەبووە پشتیوانی تەواوی لێكردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی و حكومەتی هەرێمیش رێگری لە پڕۆژەكانی نەكردووە.

فاروقی مەلا مستەفا دەڵێ‌ لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانیدا بەردەوام بە پلان و لێكۆڵینەوە كار دەكات، لەهەمانكاتدا رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێ‌ كە بیر لە پڕۆژەكان ناكاتەوە. "حكومەتی هەرێم پڕۆژەكانیان بە شێوەیەكی دیراسەكراو نییە بەوەی بەپێی پێویستی مۆڵەت بدرێتە پڕۆژەكان، بۆخۆم گرنگیم داوە بەو پڕۆژانەی كە گرنگی و سودی هەبێ‌ بۆ بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی بێكاری لە وڵاتەكەدا."

پڕۆژەكانی فاروق گرووپ زیاتر لە سلێمانیدایە و هۆكارەكەی روون دەكاتەوە "سلێمانی پێویستی بە پڕۆژەكانی ئێمە هەیە و خۆم لەم شارە لەدایك بووم و گەورە بووم و خوێندومە، سلێمانی زیاتر پێویستی بە پڕۆژە هەیە و دوای یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەی حكومەت هەموو دەزگاكان برانەوە هەولێر، بەو هۆیەوە بۆ كارێكی سادە دەبێ‌ بچیتە هەولێر و رۆتیناتی زۆر هەیە ئەوەش رێگرە لە پێشكەوتنی دەزگاكانی حكومەت و پڕۆژەكان و هۆكارێكیشە بۆ گەندەڵی."

ئەو داوا دەكات لەو دۆخ و قەیرانە داراییەی هەرێمدا كە ماوەی هەشت مانگە بەردەوامی هەیە، سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەكان كۆمەك و هاوكاری پێشمەرگە بكەن و قەرز بدەنە حكومەت.

كۆمپانیاكانی فاروق بێبەش نەبوون لە ئالۆزییەكانی ئێستای عێراق و تایبەت شەڕی دژی داعش. بەهۆی ئەو دۆخەی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان خولقاندویەتی، لە دوو كارگەی چیمەنتۆ كارگەیەكیان راگرتووە. هەروەها هۆتێلێكی تری گەورەیان داخستووە.

فاروقی مەلا مستەفا ناسراوە بەوەی لە بواری خێرخوازیدا دەستێكی باڵای هەیەو لە وەسێتنامەیەكدا بۆ خێزانەكەی داوای لێكردون بە هەمان رێگەی خۆی بڕۆن و بەشێكی سەرمایەكەی بۆ كاری خێرخوازی تەرخان بكەن، ئەو دەڵێ:‌ "چەندین رێگام هەیە بۆ كاری خێرخوازی و وەسێتی من بۆ خێزان و منداڵەكانم ئەوەیە بەهەمان رێگادا بڕۆن، چونكە كفن نە قاسەی هەیەو نەگیرفانی هەیە."

ئەو سەرمایەدارە سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی هەرێم، بە گەشبینییەوە لە ئایندەی ئابووری هەرێم دەڕوانێ‌ و دەڵێ‌: "داهاتوی ئابووری هەرێم گەشەدار دەبێ‌، چونكە وڵاتەكەمان دەوڵەمەندە و توانای زۆری تێدایە."



AA
Son Guncelleme: Wednesday 27th August 2014 03:44
  • Ziyaret: 6455
  • (Suanki Oy 0.0/5 Yildiz) Toplam Oy: 0
  • 0 0